شۆڕشی دەرسیم ١٩٣٧ز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-29-23:12:00 - کۆدی بابەت: 3919
شۆڕشی دەرسیم ١٩٣٧ز

ناوه‌ڕۆك

شۆڕشی دەرسیم ١٩٣٧ز

لە ڕابردوودا زۆربەی کات هەرێمی دەرسیم سەربەخۆیی خۆی پاراستووە، تەنانەت لە سەردەمی عوسمانییەکاندا ماوەیەک لەلایەن دەوڵەتەوە بە ویلایەتی (کوردستان) ناودەبرا. دوای جەنگی یەکەمی جیهانیش خەڵکی هەرێمەکە بۆ بە دەستهێنانی سەربەخۆییان ڕاپەڕینێکیان دژی کەمالییەکان بە ناوی ڕاپەڕینی (کۆچگیری)ـیەوە بەرپاکرد، بەڵام ڕاپەرینەکە دڕندانە سەرکوتکار و ژمارەیەکی زۆریش ژن و منداڵ و خەڵکی ناوچەکە کوژران و گوندێکی زۆر سوتێندران و خەڵکێکی زۆریش ڕاگوێزان دەربەدەر بوون، ئەم سیاسەتە پڕ لە زەبر و زەنگەی کەمالییەکان دژی کورد بەکاریان دەهێنا لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم، بەهۆی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردەوە بوو وەک شۆرشی شێخ سەعیدی پیران و شۆرشی ئاگری داخ و دواتریش ڕاپەڕینی دەرسیم بە ڕێبەرایەتی سەید ڕەزای دەرسیم.

لەگەڵ سەرەتای هاوینی ١٩٣٦ بارودۆخی هەرێمی دەرسیم تێکچوو، بەهۆی ئەو هەموو هێزە سەربازییە و دام و دەزگا سەرکوتکەرانەی کە تورکیا لە ناوچەکە دایمەزراند و دواتریش ئەو گەمارۆ سەختەی کە سەرکردەی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکە (ئالب دۆغان) سەپاندبووی بەسەر دانیشتوانی ئەو هەرێمە، ئەم هۆیانە و زۆری تریش کە پەیوەندی بە سیاسەتی شۆڤینیانەی کەمالییەکانەوە هەبوو، بە هۆی بێزاری و ڕق و قینی کوردەکان بەرامبەر کەمالییەکان و بە ئاشکرا خەڵک ڕووبەڕووی کەمالییەکان دەبۆوە و ناڕەزاییان دەردەبڕی، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی مستەفا کەمال (ئەتاتورک) بەڕاشکاوی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گەورەی نیشتیمانی تورکیا لە ساڵی ١٩٣٦ دا دەڵێت: (گرنگترین مەسەلەی باری ناوخۆی ئێمە گیروگرفتی دەرسیمە، لەبەر ئەوە و بۆ بنبڕکردنی ئەو کوانە کوشەندەیە و بۆ ئەوەی بتوانین خێراتر بڕیاربدەین، پێویستە حکوومەت دەسەڵاتێکی فراوان  و بێ سنووری بدرێتێ). هەروەها ئەو گرانی برسێتی و بێکاریەی کەلە ئەنجامی قەیرانی ئابووری جیهانی ساڵانی (١٩٢٩ – ١٩٣٢) دروستبوو، کوردستانیشی گرتبۆوە.

سەید ڕەزا بۆ ئەوەی ناوچەکە لە شەڕ دووربخاتەوە چەند جارێک نامەی بۆ (ئالب دۆغان) نارد، تەنانەت جارێکیان کوڕێکی خۆی نارد بۆ وتوێژ بەڵام بە فێڵ گرتیان  و دواتر کوشتیان. بۆیە شۆرش لە زستانی ١٩٣٧ز دا دەستی پێکرد. شۆرشگێڕان چەندین سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر هێزەکانی تورکیا بەدەست هێنا، بۆیە تورکیا بڕیاری دا هێزێکی گەورەی پڕ مەشق و پشت ئەستوور بە چەکی قورس و فرۆکەی جەنگی ڕەوانەی دەسیم بکات، تەنانەت سەرۆک وەزیران (عیسمەت ئینۆتۆ) خۆی سەرکردایەتی سوپای تورکیای گرتە ئەستۆ، لە پەلامارێکی گەورەدا رووبەرێکی فراوانی لە دارستان و کێڵگە و گوندەکانی دەرسیمی ئاگرتێبەردا بەو بیانووەی شوێنی خۆ حەشاردانی شۆرشگێڕانە. ئینجا چەندین  شۆری قورسی نا هاوتا لە نێوان هەردوولا هەڵگیرسا و لە تیایدا کوردەکان ئازایانە بەرگریان کرد، بەڵام لەبەرامبەر لەشکری گەورە و پڕچەک و مەشق پێکراو و فڕۆکەی جەنگی تورکیا نەیانتوانی خۆیان ڕابگرن و تەنانەت لە شەڕێکیاندا سەید ڕەزا خۆی کە تەمەنی (٧٥) ساڵ بوو بە قورسی بریندار بوو.

زستانی ساڵی ١٩٣٧ زۆر سەخت بوو، خەڵکێکی زۆر ئاوارە و دەربەدەر ببون بێ جێگا و شوێنی حەوانەوە بوون و شۆڕشگێڕانیش ئازووقە و تەقەمەنیان زۆر کەم ببوو لە چیا سەختەکانی دەرسی. لەو کاتانەدا (ئالب دۆغان) نامەیەکی بۆ سەید ڕەزا نارد و بەناوی حکومەتی تورکیاوە ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ دەربڕی، بۆیە سەید ڕەزا بۆ گفتوگۆ چوو بۆ شاری (ئەرزنجان) لەو پەڕی باکووری کوردستان، بەڵام یەکسەر دەستگیریان کرد و دوای دادگاییەکی ڕووکەشانە خۆی و یازدە کەس لە هاوڕێکانی لە سێدارە دران.


سەرچاوەکان



1688 بینین